بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پەردەکانی مێشک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
The printable version is no longer supported and may have rendering errors. Please update your browser bookmarks and please use the default browser print function instead.
دایەگڕامێک کە نموونەیەک لە کەللەی سەری مرۆڤی کردووەتە چەند چینێک و پەردەکانی مێشک نیشاندەدات
پەردەکانی مێشک

پەردەکانی مێشک بریتین لەو سێ پەردەیەی کە دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدەن.[١] لە شیردەرەکاندا، ئەم پەردانە ئەمانەن؛ ئەستوورەماک، تەونۆکەماک، و تەنکەماک. فرمانی سەرەکییان پاراستنی کۆئەندامی دەماریی ناوەندییە.[٢]

پێکھاتە

ئەستوورەماک

ئەستوورەماک (بە ئینگلیزی: Dura mater، دایکە توندەکە[٣])یەکێکە لەو سێ چینە بەستەرەشانەی کە پەردەکانی مێشک پێک دەھێنن. سەرووترینی سێ پەردەکەیە کە بەیەکەوە دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدەن و دەیپارێزن. ئەستوورەماک لە فایبڕۆبلاست و بڕێکی زۆر لە کۆلاجین دروست بووە. ئەم پەردەیە لە دوو توێ پێک ھاتووە: چینی ژێرئێسکی و چینی پەردەیی.[٤]

تەونۆکەماک

تەونۆکەماک (بە ئینگلیزی: Arachnoid، ھاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە[٥]) دەکەوێتە نێوان دوو پەردەکەی تری مێشک، چینێکی بێ لوولەخوێنە و بەشدارە لە زیندەچاڵاکییەکانی شلەی دڕکەمۆخ لە ڕێی بۆشاییی ژێر تەونۆکەماکەوە.[٦]

تەنکەماک

تەنکەماک (بە ئینگلیزی: Pia mater، دایکە نەرمەکە[٧]) پەردەیەکی ھەرە ناسکە. بە توندی بە ڕووی مێشک و دڕکەپەتکدا لکاوە و دای دەپۆشێت، بە تەواوی پەیڕەوی شێوەی مێشک دەکات (شێوەی لۆچەکان وەردەگرێت). پەردەیەکی زۆر تەنکە کە پێکھاتووە لە ڕیشاڵەشانە و چینێکی دەرەکی لە خانەی تەخت کە واپێدەچێت پیانەڕۆ بن بۆ شلە. تەنکەماک کوندەکرێت لەلایەن لوولەخوێنەکان کە بەرەو مێشک و دڕکەپەتک دەڕۆن، ھەروەھا ئەو موولوولەخوێنانەی ئەوان کە خۆراکی مێشک دەدەن.[٨]

پەردەی لیمفەئاسای ژێرتەونۆکەیی

ئەم پەردەیە (بە ئینگلیزی: SLYM، کورتکراوەی Subarachnoidal Lymphatic-like Membrane) پێکھاتەیەکی توێکاریی تازە پێناسەکراوە لە مێشکی مرۆڤدا، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا پێشنیازکراوە وەک ئەگەری پەردەی چوارەم لە مێشکدا.[٩] پەردەی لیمفەئاسای ژێرتەونۆکەیی کەوتوەتە ناو بۆشاییی ژێرتەونۆکەیییەوە کە بۆشایییەکە لە نێوان پەردەی نێوەڕاست و تەنکە پەردەکەی ژێرەوە کە بە مێشکەوە وەنوساوە؛ بەم شێوەیە بۆشاییی ژێرتەونۆکەیی دابەشدەکات بۆ دەرەچینێکی ڕووکەش و ناوچەیەکی ناوەکی قووڵتر کە دەوری مێشک دەدات.[٩]

دایەگڕامێک کە چینەکانی کەللەی سەر و پەردەی مێشک پێشاندەدات
دایەگڕامێک کە چینەکانی پەردەی مێشک پێشاندەدات (بڕوانە ژێرتەونۆکە بۆشایی کە بەڕەنگی زەرد دیاریکراوە)

ژێرتەونۆکە بۆشایی

ژێرتەونۆکە بۆشایی ئەو بۆشایییەیە کە لە نێوان تەونۆکە و تەنکەماکدا ھەیە. ئەم بۆشایییە پڕکراوە لە شلەی دڕکەمۆخ و بەرەوخوارەوە ھاوشانی دڕکەپەتک بەردەوامدەبێت، جگەلەوە لوولەخوێنە سەرەکییەکان و ئەستێلکەکانیشی تێدایە کە پێیان دەوترێت ژێرتەونۆکە ئەستێلک؛ کە ئەمانیش پڕن لە شلەی دڕکەمۆخ. ئەم ئەستێلکانە دروستبوون بەھۆی توند لکانی تەنکەماک بە مێشکەوە و جیابوونەوەی لە تەونۆکەماک.[١٠]

بایەخی کلینیکی

زامداربوونەکان کە ��ەگەنە پەردەکانی مێشکیش دەکرێت ببنە ھۆی خوێنبەربوون و ھەروەھا دوو جۆری خوێنتێزانیش.[١١]

  • ژێرتەونۆکە خوێنبەربوون بریتییە لە خوێنبەربوونێکی توند لەژێر تەونۆکەماکەوە؛ کە دەکرێت ڕووبدات لەخۆیەوە یان لە ئەنجامی زەبرێک.[١٢]
  • خوێنتێزانی ژێردیوڕا بریتییە لە خوێنتێزانێک (کۆبوونەوەی خوێن) کە کەوتووەتە نێوانی تەونۆکە و ئەستوورەماکەوە. پردەخوێنھێنەرەکان کە ئەستوورە و تەونۆکەماک بەیەکەوە پەیوەست دەکەن دڕاون، بەزۆری لەکاتی ڕووداوێکدا، بەمەش خوێن دزە دەکاتە ئەم ناوچەیە.[١١]
  • خوێنتێزانی سەردیوڕا دروست دەبێت لە خوێنبەربوونی نێوان کەللەی سەر و ئەستوورەماکدا، لەوانەیە لەخۆوە بێت یان بەھۆی ڕووداوێک.[١١]

بارە تەندروستییەکانی تر کە کاردەکەنە سەر پەردەکان؛ ھەوکردنی پەردەکانی مێشک (بەزۆری لە بەکتریا، ڤایرۆس، یان کەڕووە تەشەنایەکەوە) و پەردەلووەکان کە لە پەردەکانەوە گەشەدەکەن، یان لە شێرپەنجەی پەردەیی کە لە شوێنێکی تری جەستە دروست دەبن و تەشەندەکەن بۆ پەردەکانی مێشک.

سەرچاوەکان

  1. ^ "Meninges: What They Are & Function". Cleveland Clinic (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-01-19.
  2. ^ Decimo, Ilaria; Fumagalli, Guido; Berton, Valeria; Krampera, Mauro; Bifari, Francesco (2012). "Meninges: from protective membrane to stem cell niche". American Journal of Stem Cells (بە ئینگلیزی). 1 (2).
  3. ^ Altibbi.com. "الام الجافیة (Dura mater, pachymeninx)". الطبی (بە عەرەبی). Retrieved 2024-01-19.[بەستەری مردوو]
  4. ^ Kekere, Victor; Alsayouri, Khalid (2023), "Anatomy, Head and Neck, Dura Mater", StatPearls, Treasure Island (FL): StatPearls Publishing, PMID 31424885, retrieved 2024-01-19
  5. ^ "Definition of ARACHNOID". www.merriam-webster.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-01-19.
  6. ^ Ghannam, Jack Y.; Al Kharazi, Khalid A. (2023), "Neuroanatomy, Cranial Meninges", StatPearls, Treasure Island (FL): StatPearls Publishing, PMID 30969704, retrieved 2024-01-19
  7. ^ "Definition of PIA MATER". www.merriam-webster.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-01-19.
  8. ^ Adeeb, Nimer; Mortazavi, Martin M.; Deep, Aman; Griessenauer, Christoph J.; Watanabe, Koichi; Shoja, Mohammadali M.; Loukas, Marios; Tubbs, R. Shane (2013-10). "The pia mater: a comprehensive review of literature". Child's Nervous System: ChNS: Official Journal of the International Society for Pediatric Neurosurgery. 29 (10): 1803–1810. doi:10.1007/s00381-013-2044-5. ISSN 1433-0350. PMID 23381008. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  9. ^ ئ ا Møllgård, Kjeld; Beinlich, Felix R. M.; Kusk, Peter; Miyakoshi, Leo M.; Delle, Christine; Plá, Virginia; Hauglund, Natalie L.; Esmail, Tina; Rasmussen, Martin K.; Gomolka, Ryszard S.; Mori, Yuki (2023-01-06). "A mesothelium divides the subarachnoid space into functional compartments". Science (New York, N.Y.). 379 (6627): 84–88. doi:10.1126/science.adc8810. ISSN 1095-9203. PMID 36603070. {{cite journal}}: Check |pmid= value (help)
  10. ^ Shafique, Shiza; Rayi, Appaji (2024), "Anatomy, Head and Neck, Subarachnoid Space", StatPearls, Treasure Island (FL): StatPearls Publishing, PMID 32491453, retrieved 2024-03-30
  11. ^ ئ ا ب Tenny, Steven; Thorell, William (2024), "Intracranial Hemorrhage", StatPearls, Treasure Island (FL): StatPearls Publishing, PMID 29262016, retrieved 2024-03-30
  12. ^ van Gijn, Jan; Kerr, Richard S.; Rinkel, Gabriel J. E. (2007-01-27). "Subarachnoid haemorrhage". Lancet (London, England). 369 (9558): 306–318. doi:10.1016/S0140-6736(07)60153-6. ISSN 1474-547X. PMID 17258671.

بەستەرە دەرەکییەکان